ئاژانسى هەواڵی فورات دیمەنى شوێنى بۆردومانەکەى تورکیای بۆسەر کامپی مەخمور بڵاوکردەوە

ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) خۆی گەیاندە شوێنى بۆردمانى فڕۆکە بێفڕۆکەوانە موشەکهاوێژەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٣ ژن لە کاتى بێریکردندا.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانە موشەکهاوێژەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر رۆژی ١٥ی نیسان کامپی پەنابارانی شەهید رۆستەم جودییان لە مەخمور بۆردومانکرد. لەو بۆردومانەدا ٣ ژن بە ناوەکانى عایشە ئەحمەد فەرحان، عەزیمە ئاکدۆغان و هەوا ئاکدۆغان لە کاتی بێریکردندا شەهیدکرد.

ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) خۆی گەیاندە کامپی مەخمور و ئەو شوێنەی کە ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەى تیادا شەهید بوون و دیمەنى شوێنەکەی تۆمارکرد.

شوێنى بۆردومانکە، شوێنێکە بۆ کشتوکاڵ و لەوەڕاندنی ئاژەڵان تەرخانکراوە و هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی بژێویى ژیانیان رۆژانە لەو شوێنەدا کار دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە رۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩ەوە بەهۆی سەپاندنی گەمارۆ بە سەر کامپەکەدا، هاووڵاتییان ناچار بوون بۆ بژێویی ژیانیان دەست بە بەخێوکردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵ و هەروەها کاری کشتوکاڵ بکەن. رۆژانەش هاووڵاتیان لەو ناوچەیەدا کاری شوانی و جوتیاری دەکەن.

ئێمە وەک تیمی ئاژانسى هەواڵی فورات لەو شوێنەدا چەندین کەسمان بینی و قسەمان لەگەڵ کردن و رایانگەیاند، رۆژانە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانى خۆیان کاری جوتیاری و ئاژەڵداری دەکەن.

هاووڵاتییان راشیانگەیاند، لە هێرشکردنە سەر مەخموردا راستەوخۆ هاووڵاتییان دەکرێنە ئامانج و شەهید دەکرێن.

باسی ئەوەشیانکرد، سەرباری ئەوەى بە بەردەوامی مەترسیی داعش بۆ سەر کامپەکەیان هەیە دەوڵەتى تورکیش لە رێگەى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییەوە بەسەر کامپەکەدا دەسوڕێتەوە و هاووڵاتییان بۆردومان دەکات.

ئەو هاووڵاتییانە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە، هێرشەکانیان بە هێرشی دژ بە مرۆڤایەتى و بەدەر لە هەموو پێوەرێکى مرۆڤانە پێناسەکرد.

ژ.ت